دەسبەسەرکردنی مێرمنداڵێکی خەڵکی سەقز لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: مێرمنداڵێکی تەمەن ١٨ساڵانی خەڵکی سەقز بەناوی “محەممەدمەتین ڕازیان” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، محەممەدمەتین ڕازیان، مێرمنداڵی تەمەن ١٨ساڵان و قوتابی سێی دواناوەندیی خەڵکی ساڵحاوای شاری سەقز، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە شەو هەڵیانکوتایە سەرماڵەکەیان، دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بنەماڵەی مێرمنداڵە پاش دەسبەسەرکردنی هەوڵ و بەدواداچوونێکی زۆریان داوە و چەند جارێک سەردانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیان لەو سەقز کردووە بەڵام ئەو ناوەندانە پێیان ڕاگەیاندوون کە ئاگایان لەو بابەتە نییە و هەروەها بنەماڵەی ڕازیان بەردەوامبوون لە هەوڵەکانیان تا لە کۆتاییدا ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دایان پێداناوە کە کوڕەکەیان لای ئەوان دەسبەسەر کراوە.

جێی ئاماژەیە کە ناوەندە داگیرکرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سەقز بە بنەماڵەی ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان بە تۆمەتی دڕانەندنی بەنێر و وێنەی بەربژێرەکانی ڕێژیم لەو شارە دەسبەسەر کردووە و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر بارودۆخ و چارەنووسی ئەو مێرمنداڵە قوتابییە لە بەردەستدا نییە.