بەندکراوێکی سیاسیی پێشووی خەڵکی شنۆ بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە گیانی لە دەستدا

خۆڕاگری: سەلاح بەهرامیان، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شنۆ بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە لە ڕێگای نێوان شنۆ و بۆ نەغەدە گیانی لە دەستدا.

ڕۆژیڕۆژی چوارشەممە، ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، کاک سەلاح بەهرامیان، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و یەکێک لە تێکۆشەرانی خەڵکی گوندی “گندوێڵە”ـی سەربە شاری شنۆ لە ڕێگای نێوان نەغەدە بۆ شنۆ تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوو و بەداخەوە بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان و کەسوکاری کرد و سەنگەری خەباتی سپاردە دەستی هاوڕێیانی.

کاک سەلاح، ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شنۆ دەسبەسەر کراوە و ڕۆژی دووشەممە ١٣ی بانەمەڕی هەمانساڵ بەدانانی بارمتە ئازاد کرابوو و هەروەها  ڕۆژی شەممە ٢ی گەلاوێژی هەمانساڵ، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری شنۆ بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، سزای ٢ساڵ بەندکردنی بە سەردا سەپێندرا و ڕۆژی شەممە ٣٠ی گەلاوێژی هەمانساڵ لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیم لە شاری ورمێ پشتڕاست کرایەوە.

ناوبراو لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە جیا لەوەیکە دەسبەسەر و بەند دەکرا، لە بەندیخانە و لە گرتنگەکانی ڕێژیمیشدا هەمیشە ئازار و ئەسکەنجە دەدرا، بەڵام کاک سەلاح هیچکات لەژێر ئازار و هەڕەشەدا چۆکی دانەدا و هەموو کات بەیداخی کوردایەتیی لە ئاسۆ ئازدیی کوردستاندا دەشەکایەوە.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆی بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک سەلاح، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە، کەسوکار و هەموو خەڵکی شاری شنۆ و دەوروبەری دەردەڕی و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ.