پەیامی ئەجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی خوێندکاری کورد

“١٢ی بەنەمەڕ ساڵڕۆژی شەهیدی خوێندکار سماعیل شەریف زادە و ڕۆژی خوێندکاری کورد بەرز ڕادەگرین”

خوێندکاران وەک هێزێکی گرینگی هزری و ئاکادمیک لە نێو کۆمەڵگادا ڕۆڵی گرینگیان لە گوڕانکاری و داهێنانی بیر و هزری نوێ بۆ بەڕێوەبردنی وڵات دا هەیە، هێزێک کە بە باوەڕ بە خۆبوون بەردەوام دژ بە دەسڵاتی خۆ سەپێن و دیکتاتۆر وەستاوەتەوە.

بزاڤی خوێندکاری کورد بە جیاوازییەک لە بزووتنەوە خوێندکارییەکانی دەورووبەری خوێی سەرەرای داواکارییە پیشەییەکانی خۆی بە بەردەوامی لە تەنیشت بزووتنەوەی ڕەوای کورد وەستاوە و زانکۆ و خوێندکار وەک دوانەیەکی لێک دانەبڕاو بۆ داهێنان و بیر و هزری نەتەوەی پێشەنگایەتی خویان لە شوڕش و بزوتنەوەی نەتەوایەتی گەلی کورد دا سەلماندووە.

بە چاوخشاندنێکی خێرا بە مێژووی شێست ساڵی ڕابردوو دا ئەوەمان بە باشی بۆ دەردەکەوێت کە خوێندکارانی کورد لە زۆر قوناغی جیاواز دا لە ڕیزی پێشەوەی شورش و تەنانەت بەدەستەوە گرتن و ڕێبەری کردنی ئەو شوڕشەشیان کەوتۆتەو سەر شان، کە شەهید” سمایل شەریف زادە” یەکێک لەو کەسایەتییە خوێندکاریانە کە لە ساڵەکانی ٤٦-٤٧ دا ئەو ڕۆڵە گرینگەی گێڕا.

ناکرێ لەو ڕوژە دا باس لە ڕوڵی زانکۆ و خوێندکارانی کورد لە رەوتی شوڕشی “ژینا” دانەکەین کە لەو ڕۆژانەدا خوێندکارانی کورد لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو بۆ لەسەر پێ ڕاگرتنی ئەو شوڕشە.

بێگومان ئەوەی جێگای سەرنجە، خوێندکاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە درێژەی ئەو ڕێگا پڕ لە هەوراز و نەشیوەی خەبات بۆ بەدەست هێنانی ئازادی و مافە نەتەوییەکانی بەردەوام لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنی سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلام ئێران دابووە،کەم نین ئەو کچ و کورە خوێندکارە دەروەستانەی هەر ئێستا لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی باشترین ساڵەکانی ژیانیان دەبەنەسەر و زۆریەک لەوان لە لایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی بە تاوانی بێ بنەما سزای قورسی بەندکران و ئێعدامیان بەسەر دا سەپێندراوە.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای بەرز ڕاگرتنی ئەو یادە پیرۆزە، سڵاو دەنێرین بۆ ڕۆحی پاکی سەرجەم شەهیدان و بە تایبەتی شەهید سمایل شەریف زادە وسڵاو دەنێرین بۆ ئیرادە و خۆڕاگری بەرزی هەموو زیندانیانی سیاسی لە چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ بە ئاوات دەخوازین.

بەرز و پیرۆز بێت ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕ ڕۆژی خوێندکاری کورد

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

١٢ی بانەمەری ١٤٠٢ی هەتاوی