سەپاندنی سزای بەندکردن و دوورخستنەوە بەسەر پارێزەرێکی کورددا لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: خەسرەو عەلیکوردی، پارێزەری کوردی دانیشتووی مەشهەد، لەلایەن ڕێژیمەوە سزای ساڵێک بەندکردن و دوو ساڵ دوورخستنەوەی لە زێدی خۆی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: خەسرەو عەلیکوردی، پارێزەر و هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی شاری مەشهەد، لەماوەی ڕابردوودا لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە، سزای ١ساڵ بەندکردن، ٢ساڵ دوورخستنەوە لە زێدی خۆی، ٢ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی وڵات، ٢ساڵ قەدەغەکردنی کارکردن لە پیشەکەی خۆیدا و هەروەها قەدەغەکردنی چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەسەردا سەپێندراوە.

ئەو پارێزەرە کوردە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیستاگرام ڕایگەیاند: بەتۆمەتی چالاکی تەبلیغی بۆ گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندراوە و بۆ ماوەی دوو ساڵیش بۆ شاری “نەهبەندان”ـی سەربە پارێزگای خۆراسانی باشوور دوور خراوەتەوە.

ناوبراو لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا، پاش سەردانکردنی بۆ لقی ٩٠١ی داواکاری گشتیی و ئینقلابی ڕێژیم لە مەشهەد، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی “وەکیل‌ئابادی” ئەو شارە کرا و دواتر لە نیوەی هەمانگ مانگدا بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لەو بەندیخانەیە ئازاد کارا.

جێی ئاماژەیە کە خەسرەو عەلیکوردی، پێشتر لە بەشێکی پەروەندەکەیدا بە تۆمەتی پڕوپاگەندە و بڵاوکردنەوەی درۆ، لەلایەن لقی ٣ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لە مەشهەد، سزای پێبژاردنی بڕی ٢١ ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرابوو و هەروەها لە ماوەی کارکردنی لە پیشەکەیدا ڕەوتی بەرگریکردن و پارێزەریی کۆمەڵێکی زۆر لە بەندکراوانی سیاسی و بنەماڵەکانیانی لە ئەستۆ گرتبوو.