دەسبەسەرکردنی مامۆستایەکی خەڵكی کامێران لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: حەمید عەزیزی، مامۆستای خەڵکی کامێران لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سیشەممە، ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، مامۆستا حەمید عەزیزی، دەرچووی بەشی پێوەندییەکان و ڕاگەیاندنی زانکۆی “عەللامە تەباتەبایی”ـی تاران و مامۆستای گوندەکانی “پاڵنگان و گازرخان”ـی کامێران، دوای بانگهێشتکران بۆ بەشی پاراستنی ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراو لە پاش دەسبەسەرکردنییەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەروەها هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە تائێستا هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.