سەپاندنی سزای بەندکردن و پێبژاردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ بەناوی “شەفیع بابەکری” لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە سزای ٢ساڵ بەندکردنی تەعزیری و پێبژرادنی نەغدی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، شەفیع بابەکری، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “کانییەڕەش”ـی سەربە شاری شنۆ، لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە بە سەرۆکایەتی  قازی “ڕەزایی” بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٢ساڵ بەندکردنی تەعزیری و پێبژاردنی نەغدی بەبڕی ٢٤ملیۆن تەمەنی بەسەردا سەپێندراوە.

شەفیع بابەکری، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ پاش بانگکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شنۆ دەسبەسەر کراوە و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا و لە کۆتاییدا ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندرا.