ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان پاش ١٦ڕۆژ

خۆڕاگری: محەممەد کەدخودایی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان، پاش تێپەڕبوونی ١٦ڕۆژ ڕاگیران لە بەندیخانەی بۆکان، تا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی سێشەممە، ٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان ڕایگەیاند: سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٦ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی محەممەد کەدخودایی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە دەسبەسەر کراوە، تا ئێستا هیچ چارەنووسی هەروا ناڕوونە.

هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئەماکن و ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی ڕۆژی شەممە، ٢٢ی ڕەزبەری مانگی ڕابردوو، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی محەممەد کەدخودایی و پاش پشکنینی ماڵەکەیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و ڕفاندوویانە.

خۆڕاگری لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ئەوەی خستەڕوو کە، وێڕای بەدواداچوونی ورد و سەردانی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە بۆکان، تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیان دەست نەکەوتووە و هەروەها ناوەنە سەرکوتکەرەکانیش لەو بارەیەوە هیچ شتێکیان بەو بنەماڵەیە نەوتووە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیی ئەو ماڵباتە.