پشتڕاستکردنەوەی سزای ١٦مانگ بەندکردن لەسەر چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی سەقز

خۆڕاگری: سزای ١٦ مانگ بەندکردنی تەعزیزیی “عوسمان ئیسماعیلی” چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سەقز، لە لایەن دادگای ڕێژیمەوە پشتڕاست کرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سەقز یەکێک لە بەندکراوانی سیاسیی پێشوو، لەلایەن دادگای باڵای کۆماری ئیسلامییەوە لە نامەیەکی ئاگادارکردنەوەدا پێی ڕاگەیاندرا کە ناوبراو بە ١٦مانگ بەندکردنی تەعزیری سزای دراوە.

عوسمان ئیسماعیلی، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شاری سەقز ئاگادار کراوەتەوە کە دەبێ لە ماوەی ١٠ڕۆژدا خۆی بە لقی ٢ی بەرێوەبردنی سزاکانی دادسەرای ڕێژیم لەو شارە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی بناسێنێ و هەروەها ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە سەقز بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی سزای ٣١مانگ و ١٥ڕۆژ بەندکردن و بەتۆمەتی تەبلیغ بەدژی نیزامی ڕێژیم سزای ٧مانگ و ١٥ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.