بەندکراوێکی سیاسیی کورد پاش ٣ساڵ بەندکردن ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئەحمەد محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سەقز پاش نزیکەی ٣ ساڵ بەندکردن لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازادکرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەحمەد محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٥٣ ساڵانی خەڵکی گوندی “وزمان”ـی سەربە شاری سەقز دوای تێپەڕکردنی ٣ساڵ بەندکردن کە ٤ساڵی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازادکرا.

ئەحمەد محەممەدی، مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە سەقز بە سەرۆکایەتی قازی “جەواد مستەفایی” بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی سزای ٤ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و ڕۆژی ٣ی مانگی سەرماوەزی هەمانساڵ، دوای بانگکردنی بۆ دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە سەقز، دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە  و هەروەها پاش تێپەڕکردنی ماوەی دوو ساڵ و ١١ مانگ و ٥ ڕۆژ بەندکردن ئەمڕۆ ئازاد کراوە.