دەسبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی شارەکان بۆکان و شنۆ لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سێ هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی بۆکان و شنۆ، بە ناوەکانی “سولەیمان ئەحمەدی، سەمەد شابۆیی و موبین دەهار” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری بۆکان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی “سولەیمان ئەحمەدی” لە گوندی “سەیداوا” و بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و هەروەها هاوکات، چەکدارانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شنۆ، هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی سینگان و موبین دەهار، لاوی تەمەن ٢٠ساڵانیان دەسبەسەر و بە شێوەیەکی دڕەندانە ڕفاندوویانە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی گەلاوێژ ١٤٠٢ی هەتاوی،  سەمەد شابۆیی، خەڵکی گوندی “شاوانە”ـی سەربە شاری شنۆ دوای بانگکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە دەسبەسەر کراوە و برایەکی سەمەد شابۆیی بەناوی “سیامەند شابۆیی” کە چالاکی سیاسی بوو لە باشووری کوردستان، ٢٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە نزیک شاری هەولێر، لەلایەن تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تێرۆر کرا.

شایانی باسە کە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە و وێنەکانیش هی دوو هاووڵاتیی “موبین دەهار و سەمەد شابۆیی”ـە