دەسبەسەرکردنی پێنج هاووڵاتیی شارەکانی کوردستان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: لە بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی هاوڵاتیانی کورد، پێنج هاووڵاتی لە شارەکانی “بەدرە، کامێران، مەهاباد، هەوشار و سەقز” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆرگری” ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، شەرمین حەبیبی، هاووڵاتیی خەڵكی سەقز و “هاوسەری فەرەیدوون مەحموودی، شەهید ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی کە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانی لە دەستدا” و دایکی منداڵێکی تەمەن ٧ ساڵانیشە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

لە هەمانکاتدا، ئەسغەر مەحموودی، خەڵکی گوندی “ئەحمەدئاوای خواروو”ـی سەربە ناوچەی هەوشار، لە ئاکامی هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆسەر ماڵەکەی، بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و هەروەها هەمانڕۆژ، یووسف فەتحیزادە، خەڵکی شارۆچکە “بەدرە”ـی سەر بە پارێزگای ئیلام، دوای هێرشی هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەیان، بە شێوەیەکی توندوتیژی و لەبەر چاوی دایک و بابی دەسبەسەر کراوە و ڕفێنداروە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی گەلاوێژ ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەمیر سەیدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد و ئەفشین ساعەدموچشی، وێنەگری خەڵکی گوندی “خامسان”ـی سەر بە کامێران، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و هەروەها هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە مەهاباد، بەبێبوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنێ کاری ئەمیر سەیدی و بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و لەلایەکی دیکەشەوە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، دوای دەسبەسەرکردنی “ئەفشین ساعەدموچشی” کە لەگەڵ دایکی سەردانی نەخۆشخانەیەکی لە کامێران کردبوو، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەیان و دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیدا گرتووە.