
خۆڕاگری: عەباس کورکوری، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ئیزە، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە لە بەندیخانەی ئەهواز لەسێدارە درا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیاندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ۲۱ی جۆزەردانی ۱٤۰٤ی هەتاوی، عەباس کورکوری، ناسراو بە “موجاهید” و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا و هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئیزە، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئەهواز سزای لە سێدارەدانی جێبەجێ کرا کە پێشتر ئەو سزایەی بەتۆمەتگەلی جۆراوجۆر بەسەریدا سەپێندرابوو.
ساڵی ڕابردوو دەزگای قەزیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ناوبراوی بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵێک دادگایی کرد و هەروەها تۆمەتی نائارامی و تێکدانی ئاسایشی گشتیشی خستە پاڵی و بەوهۆیانە لە کۆتاییدا سزای لەسێدارەی بەسەردا سەپێندرا و بنەماڵەی ئەو مێرمنداڵە چەند جارێک لە دادگا ئەو تۆمەتەیان ڕەت کردۆتەوە کە موجاهید بەشداری لە کوشتنی کردبێت بەڵام ڕێژیم بە زۆرەملێ سزای سێدارەی بەسەردا سەپاند و ئەمڕۆ لە بەندیخانەی ئەهواز لەسێدارەی داوە.