موژگان کاوسی بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی ڕەوانەی بەندیخانە کراوە

خۆڕاگری: موژگان کاوسی، توێژەر، چالاکی مافی زمانەوانی و نەتەوەیی کوردی دانیشتووی مازەندەران، دوای بانگکرانی لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی ڕێژیمەوە، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، موژگان کاوسی، چالاکی ئێتنیکی و هەڵسووڕ لەبواری زمانی دایکی کە لە کوردەکانی ناوچەی “کەلاردەشت”ـی پارێزگای مازەندەرانە، لەلایەن لقی بەڕێوەچوونی سزاکانی ڕێژیمی ئێران لەو شارە بانگ کراوە و هەر لەوێوە دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە و بە مەبەسەتی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی شاری “تەنکابۆن”ـی ئەو پارێزگایە کرا.

ناوبراو لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری ساری، بەتۆمەتی تێکدانی کۆمەڵگە و دژایەتی ئاسایشی گشتی، سزای ٣٩مانگ بەندکردن، بەتۆمەتی بێڕێزیکردن بە ڕێبەریی کۆماری ئیسلامی سزای ١٥مانگ و ١ڕۆژ بەندکردن و بەتۆمەتی چالاکی تەبلیغی بەدژی نیزامی ڕێژیمی ئێران سزای ٨مانگ بەندکردنی بەرسەردا سەپێندرابوو و هەروەها بەپێی یاساکانی سزای قورس، لەکۆی گشتی سزاکانی، دەبێ سزای ٣٩مانگ بەندکردن لە بەندیخانەی تەنکابۆن جێبەجێ بکات.