دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: پەرهام پەروەری، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا، سزای بەندکردن و دوورخستنەوەی لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: پەرهام پەروەری، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە پێیڕاگەیەندراوە کە سزای بەندکردن و دوورخستنەوەکەی پشتڕاست کراوەتەوە و کە سزای ٥ساڵ بەندکردنی تەعزیری و ١٠ساڵ دوورخستنەوە لە زێدی خۆی بۆ بەندیخانەی جاسک لە پارێزاگای هۆرمۆزگان‌ی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لە شاری تاران، بەتۆمەتی محاربە و هەوڵدان بەدژی ئاسایشی گشتیی، سزای ٥ساڵ بەندکردنی تەعزیری و ١٠ ساڵ دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی جاسکی بەسەردا سەپاندووە و ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، لە بەندیخانەی “تارانی گەورە”ـوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین گوازرایەوە.

جێی ئاماژەیە کە، ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، پەرهام پەروەری کە لە درێژەی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژینا لە تاران دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادسەرای ئەمنییەتیی بەندیخانەی ئێڤین بە محاربە تۆمەتبار کرا و هەروەها ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری هەمانساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی فەشافوویە کرا و پاش یەک حەوتوو ڕاگیران گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین.