دەسبەسەرکردنی مامۆستایەکی زانکۆی خەڵکی پیرانشار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: کەماڵ ڕوحانی، مامۆستای زانکۆ و خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، کەماڵ ڕوحانی، نووسەر و مامۆستای زانکۆی خەڵکی شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و دەسبەسەریان کردووە لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

بەپێی زانیارییەکانی خۆڕاگری، ژمارەیەک لە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پیرانشار، بێ هیچ هۆکارێک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو نووسەرە کە مامۆستای زانکۆشە و هەروەها پاش دەسبەسەربوونی ناوبراو بنەماڵکەی بە وردی بەدواداچوونیان بۆ دۆخی کردووە بەڵام تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە  و ئەوەش بنەماڵەکەی نیگەران کردووە.