ڕاگەیندراوی هاوبەشی پێنج ڕێکخراو لە هەمبەر ئەگەری حوکمی لەسێدارەدانی زیندانی سیاسی “پەخشان عەزیزی”

یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان، خوێندکاران، ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکان و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان: پشت‌ڕاست کردنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی بە توندترین شێوە مەحکووم دەکەین.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مێژووی دەسەڵاتی خۆیدا بەردەوام مافی بنەڕەتی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان بەتایبەت ژنانی کورد پێشێل کردووە؛ لەهەمان کاتدا ژنانی خەباتکار و پێشەنگی نێو کۆمەڵگەی بۆ چاوترسێن کردن بە توندترین شێوە سزا دراون، بەڵام بەپێچەوانەوە و بە شێوەی جیاوازتر ژنان بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە داگیرکارە وەستاونەتەوە و لە پێناو ئامانج و بەها مرۆڤایەتییەکان قوربانییان داوە.

هەر لەم پێوەندییە و لە ئێستادا چەندین ژنی کورد لەبەر کاروچالاکی جیاوازی مەدەنی، زمانی، ڕوناکبیری و کلتووری لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕاگیراون، ئەو ژنانە لە هەموو مافێکی بەندیی سیاسی بێ بەش کراون و لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەی ڕوحی و ڕەوانی دان. هەنووکە لانیکەم سێ زیندانی سیاسی کورد بەناوەکانی “پەخشان عەزیزی، وریشە مرادی و بێهرووز ئێحسانی ئیسلاملوو” حوکمی سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە و لەم نێوەدا حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی یاریدەدەری کۆمەڵایەتی، لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کراوەتەوە و ئەگەری جێبەجێ کردنی ئەم حوکمە نادادپەروەرانەیە لە ئارادایە.
سزای دیاریکراو بۆ ئەو چالاکە ژنە لە کاتێدا دەرچووە کە لە ماوەی ٨ مانگ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، هەروەها دادگایەکی دادپەروەرانە بێبەری بووە.

بەم هۆیەوە ئێمە پێنج ڕێکخراوی مەدەنی و مافی مرۆڤی، وێڕای بە توندی شەرمەزار کردنی ئەم حوکمە ناڕەوایە نیگەرانیی خۆمان بەنیسبەت ئەگەری لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی دەردەبڕین و داوا لە کۆمەڵگای کوردستان، ئێران و سەرجەم رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکار لە پرسی مافەکانی مرۆڤ دەکەین بەر لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو بە هەڵوێست و کاردانەوەی مەدەنیانە و شێوازی جۆراوجۆر پێش بەم حوکمە بگرن و چیدیکە لە پێشێلکردنی ئاشکرا و سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان بێدەنگ نەبن، با تێچووی ئەو سەرەڕۆییانە لەسەر ڕێژیمی ئیسلامی ئێران زیاد بکەین و بۆ ئەو مەبەستەش دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایە و پێداگرین؛ دەبێ مافی ژنان بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پارێزراو بێ.

یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکێتی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
یەکێتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان”چاونیوز”

۲٥ی بەفرانباری ۲۷۲٤ی کوردی