خۆڕاگری: جەلال محەممەدی و خالید محەممەدی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، جەلال محەممەدی و خالید محەممەدی، دوو هاووڵاتیی خەڵكی شاری نەغەدە و ئامۆزای یەکترن، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کران و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ئەو دوو ئامۆزایە پاش دەسبەسەرکردنیان لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە لەبەر ئەوەی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هیچ وڵامێکیان نەداونەتەوە.