دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵكی سنە بەناوی “فەرهاد مینبەری” لەلایەن هێزە داگیرەکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، فەرهاد مینبەری، هاووڵاتیی خەڵكی شاری سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەری، بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی ناوبراویان دەسبەسەرکردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.