دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵكی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە بەناوی “جەبار ئەوێهەنگی” لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، جەبار ئەوێهەنگی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە و کارمەندی شارەوانیی ئەو شارە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرا و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراو لە پاش دەسبەسەرکردنییەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی راست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ئیتلاعاتی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکی بەو بنەماڵەیە نەداوە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانییان.