دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵكی دیواندەرە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵكی دیواندەرە بەناوی “سەیوان غەفووری” لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، سەیوان غەفووری، هاووڵاتیی خەڵكی شاری دیواندەرە و دانیشتووی شاری سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسی ناڕوونە.

هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوبراو و بە لێدان و ئەشکەنجەدان دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و بنەماڵکەی نیگەرانی دۆخی تەندروستیی کوڕەکەیانن.