دەسبەسەرکردنی هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان بەناوی “ئەمیر بەشات” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەمیر بەشات، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “برتایماباد”ـی سەربە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵیان، دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بۆکان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ئەو هاووڵاتییە و وێڕای دروستکردنی دۆخێکی ترسێنەر دەسبەسەریان کردووە و لەگەڵ خۆیان ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

جێی ئاماژەیە کە سەرەڕای هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەی بەشات بەمەبەستی ئاگاداربوون لە شوێن و چارەنووسی کوڕەکەیان، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی ئەو بنەماڵەیە نادەنەوە.