دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئامانج خەستە، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و ڕفێندرا بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئامانج خەستە، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “گوێکتەپە”ـی سەربە شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ هیچ هۆکارێک دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستۆتەوە.

هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و قەزایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئامانج خەستە و بە شێوەیەکی دڕەندانە ناوبراویان دەسبەسەر و ڕاپێچیان کرد بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی لە بەردەستدا نییە.