ڕۆژنامەنووسێکی خەڵکی سەقز لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: فەردین مستەفایی، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە جادەی بانە دەسبەسەر کرا گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، فەردین مستەفایی،ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سەقز و بەڕێوەبەری کەناڵی تێلگرامیی “سەقز ڕووداو” و ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە  جادەی بانە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراو پێشتریش مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵ لەسەر کێشەی هاووڵاتییانی شاری سەقز لە کەناڵی تێلگرام و بە سکاڵای فەرمانداری ئەو شارە، بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان و تێکدانی بیروڕای گشتی بانگ کرابووە پۆلیسی فەتا و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.

ئەو ڕۆژنامەنووسە لە پاش دەسبەسەرکردنییەوە لەلایەن ڕێژیمەوە تائیستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.