دەسبەسەرکردنی خوێندکارێکی خەڵكی بڵواناوا لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سینا محەممەدی خوێندکاری زانکۆ و خەڵکی بڵواناوا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەیی سینا محەممەدی، خوێندکاری زانکۆ و هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی بڵواناوا و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی و بێڕێزی ناوبراویان دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراو ، خوێندکاری بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆ کوردستانە لە شاری سنە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی و راست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.