سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری:    ئەمجەد گریاخیز، چالاکوانی کرێکاریی خەڵکی سنە، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، سزای ٦مانگ بەندکردنی تەعزیری و ٢ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەمجەد گریاخیز، چالاکوانی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە و ئەندامی کەمپەینی “نا بۆ سێدارە”، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی ڕێژیمی ئێران، سزای ٦مانگ بەندکردنی تەعزیری و ٢ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو ١٩ی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لەکاتی بەشداریکردنی لە ناڕەزایەتییەکان بەدژی سەپاندنی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، دەسبەسەر کرا و لەماوەی دەسبەسەربوونیدا بەتوندی ئەشکەنجە و ئازار دراوە و بۆ ماوەی مانگێک و ٥ڕۆژ بەبێ چارەسەری پزیشکی، پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە گرتنگەیەکی ڕێژیم ڕاگیرابوو.