
خۆڕاگری: شەش چالاکوانی خەڵکی مەریوان بەناوەکانی “زانیار ئافتابی، ئاسۆ ئەمینی، زانا کەریمزادە، وریا سەجادی، قانع دەستئەفکەن و عەبدولباست دەستئەفکەن” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
ڕۆژی پێنجشەممە، ۲۲ی جۆزەردانی ۱٤۰٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوە ڕۆژانی ڕابردوودا، زانیار ئافتابی و ئاسۆ ئەمینی، دوو چالاکوانی ئایینیی خەڵکی مەریوان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و هەروەها نزیکەی مانگێک لەمەوبەر چەکدارانی ڕێژیم هەرلەو شارە، زانا کەریمزادە، وریا سەجادی، قانع دەستئەفکەن و عەبدولباست دەستئەفکەن، چوار هاووڵاتیی دیکەی ئایینیی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کردووە.
ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە، ۱۹ی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها ئەو چوار هاووڵاتییەکی دیکەش ماوەی نزیکەی یەکمانگە کە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانیان و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردنی و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.