هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە بەشێوەی کاتیی ئازاد بوو

خۆڕاگری: ئومێد کەریمی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئومێد کەریمی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە کە ماوەی یەک مانگ و ١٠ڕۆژە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە، بەدانانی قورس بە بڕی یەک ملیارد تمەن و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.

ئومێد کەریمی، ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی خەرمانانی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە دیواندەرە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا بەشێوەی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەریی کراوە.