خۆڕاگری: سۆران سەحراگەرد، خەڵکی مەریوان و وریا ئیبراهیمی، خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢ی زەخەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەریوان، هەڵیانکوتاوەتە سەر دووکانی سۆران سەحراگەرد هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و هەروەها بەشێوەی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە.
هەروەها ڕۆژێک پێشتر کە دەکاتە ڕۆژی دووشەممە، ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، وریا ئیبراهیمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی ڕامین فاتێحی، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدی ئەو شارە، لەلایەن هێز داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.
جێی ئاماژەیە کە، سەرەڕای بەدواداچوونی وردی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و هەروەها ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیش لە سنە و مەریوان لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکانی سەحراگەرد و ئیبراهیمی نەداوە.