خۆڕاگری: لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد، شەش هاووڵاتیی دیکە کە مێرمنداڵیشی تێدایە، خەڵكی شارەکانی کامێران و کرماشان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “١٩ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم شەش هاووڵاتی، کە سێ کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵە و خەڵكی کامێران و کرامشان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون.
ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی “گازرخان”ـی سەربە شاری کامێران و دانیاڵ نەدیمی، مێردمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵان محەممەد مارابی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی مارابیی ئەو شارەیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەریان کردوون و گواستویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، دوو برای دووانە بە ناوەکانی ئارتین نەدیمی و ماردین نەدیمی، کە تەمەنیان ١٩ ساڵە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
لە لایەکی دیکەوە و هاوکات لەگەڵ ئەم دەسبەسەرکردنانەدا، نیگەرانییەکان سەبارەت بە چارەنووسی سینا نەزەری، هاووڵاتیی کوردی یارسان و چالاکوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زیادی کردووە و ناوبراو کە خەڵکی گوندی «سەفەرشا»ـی سەر بە شاری گەهوارەی پارێزگای کرماشان و دانیشتووی شاری کەرەجە، ڕۆژی ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی کەرەج لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا، لە مافی پەیوەندیگرتن بە بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە و شوێنی ڕاگیرانیشی نادیارە.
شایانی باسە کە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم شەش هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بێئاکام بووە.

Be the first to comment