هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە، پاش یەک مانگ دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، تاریق ڕەحیم‌پوور، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی “ئەوێهەنگ”ـی سەربە شاری سنە، کە ماوەی یەک مانگ و سێ ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە دەسبەسەر کراوە، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی یەک ملیارد تمەن بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ئازاد کراوە.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە بەندیخانە، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەریی کراوە و لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوەتۆمەتی ئەوەیان داوەتە پاڵی کە هاوکاریی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی کردووە و بە مەبەسەتی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجە و ئازاری زۆر دراوە.

جێی ئاماژەی کە، تاریق ڕەحیم‌پوور ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن ژمارەیەک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتایە سەری، بەشێوەی دڕەندانە دەسبەسەریان و کرد و ڕفاندیان.