چالاکێکی ژینگەپارێزیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: مادێح خۆشنەواز، چالاکی ژینگەپارێزیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، مادێح خۆشنەواز، یەکێک لە چالاکانی ژینگەپارێزیی خەڵکی مەریوان و ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیا کە مانگی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی٦٠٠ملیۆن تمەن بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.

ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٢ی ئەمساڵ، لەلایەن ژمارەیەک لە هێزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتایە سەر کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لەگەڵ ٣٤ژینگەپارێزی دیکە دەسبەسەر کرا و پاش یەک مانگ و ١٣ڕۆژ بەشێوەی کاتیی ئازاد کراوە.

جێی ئاماژەیە کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون، تۆمەتی وەپاڵدراو و هەروەها چارەنووسی مادێح خۆشنەواز لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە مەریوان، لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکان بە بنەماڵەی ناوبراو نەداوە.