ئاماری دەستبەسەر کراوان و حوکم دراوانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە مانگی ەزبەری١٤٠٢ی هەتاوی،بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خۆڕاگری:بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی ڕەزبەری١٤٠٢ی هەتاوی ٦٢کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی ڕەزبەری١٤٠٢ی هەتاوی دا، ١٦ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای ئێعدام و بەندکران و پێبژاردن و قامچیان بەسەر دا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزا دراوانە لە سەر یەک بە ٣٤ ساڵ و ١ مانگ و ٤ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری و لێدانی ١٦٠ قامچی  و زیاتر لە ١٤٧ملیون تمەن پێبژاردن مەحکووم کراون. جێگای ئاماژەیە کە ڕەزا ڕەسایی لە دەسبەسەر کراوانی شوڕشی ژن ،ژیان ،ئازادی ،بە تۆمەتی کۆشتنی یەکێک لە ئەندامانی هێزە سەرکووتکەرەکانی ڕێژیم سزای ئێعدامی بەسەر دا سەپێندراوە.