خاتوونێکی بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئیلام ئازاد کرا

خۆڕاگری: خەدیجە مێهدی‌پوور، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ئەیوان، پاش تێپەڕبوونی ٦٤ڕۆژ بەندکردن لە بەندیخانەی ئیلام ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیدانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، خەدیجە مێهدی‌پوور بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شارۆچکەی “ئەیوان”ـی سەربە پارێزگای ئیلام، دوای تێپەڕبوونی ٦٤ ڕۆژ بەندکردن لە سزای سێ مانگ مانگ بەندکردن کە بەسەریدا سەپێندرابوو، بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختەی خۆی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئیلام ئازاد کرا.

ناوبراو سەرەتای مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، لەلایەن لقی ١٠٣ دەزگای قەزایی گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە ئیلام بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بەدژی نیزام، بە سێ مانگ بەندکردن سزا درا و ڕۆژی شەممە ٢٨ی مانگی گەلاوێژ بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئیلام گوازرایەوە و هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لەکاتی تێپەڕکردنی سزای ٢٠ مانگ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام، بەبێ ئاگاداری پێشوەختە بە زۆر لە بەندیخانەی ئازاد کرا.

جێی ئاماژەیە کە، خەدیجە مێهدی‌پوور پێشتریش ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ماڵی مامی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە ئیلام دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گوازرابووەوە و چەندجارێکی دیکەش دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.