هاووڵاتییە خەڵکی شنۆ بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: یاسین سەمسام، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن ڕێژیمەوە سزای بەندکردن و لێدانی قامچیی بەسەردا سەپێنداروە و بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی، ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی،  یاسین سەمسام، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی خەڵکی شنۆ، بە مەبەسەتی جێبەجێکردنی سزای ٣ساڵ و ٩مانگ بەندکردن و لێدانی ٨٠زەربە قامچی، خۆی بە لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتیی و ئینقلابی کۆماری ئیسلامی لە شنۆ ناساندووە و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کراوە.

ناوبراو مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شنۆ، بە تۆمەتی کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوانێک بەدژی ئاسایشی گشتیی بە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان و بە بەشداریکردن لە تێکدانی موڵک و ماڵی خەڵک سزای ٣ ساڵ و ٩مانگ بەنکردن و ٨٠  زەربە قامچی بەسەردا سەپێندرا

جێی ئاماژەیە کە، یاسین سەمسام، تۆمەتی ئەوەشی وەپاڵ درابوو کە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی بووە و هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و پاش لێکۆڵینەوە گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی شنۆ و دوای ٨مانگ دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.