دەسبەسەرکردنی خوێندکارێکی خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: محەممەد عەبدوڵڵاهی‌پوور، خوێندکاری خەڵکی شاری سنە، بۆ جارێکی دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، محەممەد عەبدوڵڵاهی‌پوور، خوێندکاری خەڵکی شاری سنە، کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بۆ ماوەیەک دەسبەسەر کرابوو، جارێکی دیکەش لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە سنە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوەتەوە.

ئەو خوێندکارە پاش دەسبەسەرکرانی، گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.

جێی ئاماژەیە کە، محەممەد عەبدوڵڵاهی‌پوور ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لەو شارە دەسبەسەر کرابوو و پاش ٢مانگ دەسبەسەربوون بە شێوەی کاتیی ئازاد کرابوو.