سەپاندنی سزای بەنکردن بەسەر دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هێمن خاستان، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوەسزای ٧٤مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی هەینی، ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: هێمن خاستان، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا لە شاری سنە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە بەتۆمەتی دژایەتیکردنی ڕێژیم و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سەرجەم سزای ٧٤مانگ و ٣ڕۆژ بەندکردنی تەعزیری بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبراو سەرەڕای سەپاندنی ئەو سزایە بەسەریدا، هاوکات بە دەستووری ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم، پەروەندەیەکی نوێی لە لقی ٢ی لێکۆلێنەوەی داگای ڕێژیم لە سنە بۆ کراوەتەوە و هەروەها ئیدارەی ئیتلاعات لە ڕێگەی تەلەفوونەوە بەردەوام بە هێمن خاستانەوە کردووە و بەتوندی هەڕەشەیان لێ کردووە کە دەبێ بەزووترین کات خۆی ڕادەستی ئەو ناوەندە سەرکوتکەرە بکات دەنا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و ئازار دەبێتەوە.

جێی ئاماژەیە کە، هێمن خاستان خۆپیشاندەری ناڕازیی خەڵکی شاری سنە، مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەشێوەی دڕەندانە دەسبەسەر کرا و پاش ماوەی ٢٥ڕۆژ دەسبەسەربوون لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردا ناچار بە داننانی زۆرەملێ کرا و هەروەها پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتەی بەبڕی ٥٠٠ملیۆن تمەن بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.