سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر مامۆستایەکی خەڵکی ئاودانان

خۆڕاگری: مامۆستا ئەحمەد عەلیزادە، چالاکی سێنفی مامۆستایانی ئاودانان، بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ، لەلایەن ڕێژیمەوە سزای ٣ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لە شاری ئاودادانی سەربە پارێزگای ئیلام، سزای ٣ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکردنی بەسەر مامۆستا ئەحمەد عەلیزادەدا سەپاندووە بە تۆمەتی ئەوەیکە هەوڵی داوە گرووپ و دەستە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات پێک بهێنێ و ئەو سزایە لە ٦ساڵ و یەک ڕۆژەوە کەم کرایەوە بۆ ٣سال و یەک ڕۆژ.

مامۆستا ئەحمەد عەلیزادە، پێشتر لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دۆسییەسازییان بۆ کرد و ناچریان کرد کە بە زۆرەملێ خانەنشین بکرێ و هەروەها لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا ئەو مامۆستایە سزای دوو ساڵ دوور خستنەوە بۆ سیستان و بەلووچستانیان بە سەردا سەپاند.