دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی دیواندەرە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: کامران دەستباز، هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، کامران دەستباز، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دیواندەرە، لە شەقامێکی ئەو شارە و لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و ڕفێندراوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بنەماڵەکەی بە مەبەستی ئاگاداربوون لە دۆخی کوڕەکەیان هەوڵی زۆریان داوە، بەڵام لەلایەن ناوەنە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە هیچ وڵامێکیان نەدراوەتەوە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.