خۆڕاگری:بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی خەرمانانی١٤٠٢ی هەتاوی ١٧٤کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.١٤ کەس لەو دەسبەسەرکراوانە ژنن و هەروەها چەندین کەسیان تەمەنیان خوار ١٨ ساڵە.
جێگای ئاماژەیە کە لە ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک، بە بێ لەبەر چاو گرتنی هیچ پرنسیبێکی مافی مرۆڤی،بنەماڵە شەهیدانی شۆڕشی ژینا و چالاکانی دیاری کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کردووە و دەسبەسەر کردوون،هەر بەو مەبەستەش دەستی بە ڕەشبگیری هاوڵاتیان و چاڵاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، کە هەر وەک دەبینین ئاماری دەسبەسەر کراوان بە بەراورد بە مانگەکانی پێشوو زۆر زیادی کردووە.
هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی دا، ٢١ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای ئێعدام و بەندکران و پێبژاردن و قامچیان بەسەر دا سەپێندراوە.
بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزا دراوانە لە سەر یەک بە ١٤٨ ساڵ و ٨ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری و١ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و لێدانی ١٨٨ قامچی و زیاتر لە ١٥ملیون تمەن پێبژاردن مەحکووم کراون. شایانی باسە کە ٣ کەس لەو کەسانەی کە سزایان بەسەردا سەپێندراوە ژنن.جێگای ئاماژەیە کە یوسف ئەحمەدی پاش ٤ ساڵ مانەوە لە بەندیخانە بە تۆمەتی چالاکی چەکداری سزای ئێعدامی بەسەر دا سەپێندراوە.