ئاماری دەسبەسەرکردنی مێرمنداڵان لە پیرانشار گەیشتە پێنج کەس

خۆڕاگری: لە درێژەی دەسبەسەرکردنی مێرمنداڵانی خەڵکی پیرانشار دوو مێرمنداڵی دیکە بەناوەکانی “پێشەوا نەبی و کارزان نەبی” لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، پێشەوا نەبی، تەمەن ١٦ ساڵ و کارزان نەبی، تەمەن ١۵ ساڵانی خەڵکی شاری پیرانشار، لە ماڵی خۆیان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون و بە دەسبەسەرکردنی ئەو ٢ مێرمنداڵانە، منداڵانی دەسبەسەرکراوی ئەو شارە بوون بە ٥ کەس و خۆڕاگری پێشتر هەواڵی دەسبەسەرکردنی سێ منداڵی بڵاوکردووەتەوە.

ئەو منداڵانە کە لەلایەن چەکدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون، گوازراونەتەوە بۆ شوێنگەلی نادیار و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لەسەر چارەنووس و بارودۆخی منداڵەکانیان هیچ ئاکامێکی نەبووە وهەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.