دەسبەسەرکردنی هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکردن

خۆڕاگری: حاسڵ ئازەرمیان، چالاکی ئایینیی خەڵکی پیرانشار بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٧ ساڵ بەندکردن، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، حاسڵ ئازەرمیان، تەمەن ٢٨ ساڵانی خەڵکی شاری پیرانشار و چالاکی ئایینی ئەو شارە، پاش ئەوەیکە لەلایەن دادگای جێبەجێکردنی سزاکانی ڕێژیمەوە  لە پیرانشار بانگ کراوە و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٧ ساڵ بەندکردن، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کراوە.

حاسڵ ئازەرمیان لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن ناوەندە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٦ مانگ لە بەندیخانەی ناوەندەیی ورمێ ڕاگیراوە وهەروەها ناوبراو لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم ل ورمێ، سزای ٧ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

شایانی باسە کە، حاسڵ ئازەرمیان، لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوودا، لە درێژەی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکاندا لە شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە ساگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و دواجار لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا بە دانانی بارمتەی ٢ ملیار تمەنی بە شێوەی کاتیی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.