درێژکردنەوەی ماوەی دەسبەسەرکردنی سامان پاشایی

خۆڕاگری: سامان پاشایی، پاڵەوانی زۆرانبازیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەقز، لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە سنە، ماوەی دەسبەسەرکردنەکەی بۆ یەک مانگ درێژ کرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی ١٠ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم ماوەی دەسبەسەرکردنی سامان پاشایی، مامۆستای زانکۆ و خاوەنی میداڵی بڕۆنزی پاڵەوانیی زۆرانبازی فەرەنگی جیهانی، بەمەبەستی دان‌پێدانانی زۆرەملێ بۆ ماوەی یەک مانگ درێژ کردۆتەوە و لە ژووری تاکەکەسی گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە ڕاگیراوە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە، ئەوە بۆ سێهەمینجارە کە ماوەی دەسبەسەربوونی سامان پاشایی درێژ دەکاتەوە و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڕەشەیان لێ کردووە کە لە ئەگەری هاوکارینەکردنی ئیتلاعات بۆ دان‌پێدانانی زۆرەملێ، لە کارەکەی دەردەکرێ و بەهیچ شێوەیەک ڕێگەی پێ نادرێ هیچ کارێکی دیکە بکا و هەروەها ناوبراو لەئێستادا لە ژێر گوشاری توندی دەروونیدایە لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە.

شایانی باسە کە، سامان پاشایی سەرەڕای بارودۆخی نالەباری جەستەی و دەروونی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیلاعاتی ڕێژیم لە سنە، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و هەروەها ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕی ئەمسال، لەکاتی گەڕانەوەی لە سنەوە بۆ سەقز، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەرکرا و تا ئێستاش هۆکاری دەسبەسەرکردنی دیار نییە.