دەسبەسەرکردنی ژنە چالاکێکی خەڵکی کامێران لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: لەیلا قەڵوەزی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی کامێران، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١١ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەیلا قەڵوەزی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری کامێران لەلایەن ژمارەیەک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ گرتنگەیەکی ڕێژیم لە شاری سنە.

لەیلا قەڵوەزی، جارێکی دیکەش لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌دا دەسبەسەر کرابوو کە دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و هەروەها تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە دراوەتە پاڵ ئەو ژنە چالاکە لە بەردەستدا نییە.

شایانی باسە کە، لەیلا قەڵوەزی ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، لە ڕەوتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شاری کامێران دەسبەسەر کرابوو و لە ٧ی مانگی ڕەزبەری هەمان‌ساڵ بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ١٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتیی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە ناوەندی چاکسازی و بارهێنانی ڕیژیم لە شاری سنە ئازاد کرا.