دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: عەبدوڵا گوڵستانی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان، دوای بانگکردنی لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١١ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری بۆکان، عەبدوڵا گوڵستانی، هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەی بانگ کردووە و هەر لەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

پاش دەسبەسەرکردنی عەبدوڵا گوڵستانی، بنەماڵەکەی سەردانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیان کردووە بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی کوڕەکەیان، بەڵام هەوڵ و ماندووبوونەکانیان بێ‌ئاکام ماوەتەوە و تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە و نازانرێ بە چ تۆمەتێک دەسبەسەر کراوە.