خۆڕاگری: هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە پارێزگای کرماشان، هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەسبەسەرکردنیان دەست پێ کردووە و لەو چوارچێوەیەدا، لانیکەم هەشت هاووڵاتی و خوێندکاریان لە شارەکانی کرماشان، ماهیدەشت و هەرسین دەسبەسەر کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٧ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی”، لە شاری ماهیدەشتـی سەر بە پارێزگای کرماشان، هاووڵاتییەک بەناوی ماهان دەبیریپوور، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و هاوکات لەناو شاری کرماشان و لە یەکێک شەقامەکان، سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ئازاد نادری، میلاد وەیسی و ئارش حەیاتی دەسبەسەر کراون و گوازاونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
لەلایەکی دیکەشەوە، شەپۆلی دەسبەسەرکردن و سەرکوتکردنەکانی ڕێژیم، زانکۆی ئازادی کرماشانیشی گرتووەتەوە و هەر لە ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بەفرانباردا، دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی خوێندکاران کە بەهۆی دەستێوەردانی هێزە سەرکوتکەرەکان و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و توندوتیژی لێکەوتەوە، ژمارەیەک خوێندکار دەسبەسەر کران و ناسنامەی یەکێک لە خوێندکارەکان بە “پووریا بەمخشت”، خوێندکاری زانکۆی ئازادی کرماشان ڕاگەیەندراوە، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی خوێندکارە دەسبەسەرکراوەکانی دیکە نادیارە.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکان لە ڕۆژانی پێشووتریشدا بەردەوام بووە و ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانبار، کەمال مەهدەوی، هاووڵاتیی خەڵکی هەرسین، لەلایەن چەند ژمارەیەک هێزی سەرکوتکەر و ئۆتۆمبێلێکی هێزە چەکدارەکان گەمارۆ درا و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانبار، حەسەن ڕۆستەمینامداری، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان، کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەیان، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و تائێستا بێسەروشوێنە.
شایانی باسە کە، سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانێش هیچ زانیارییەک لەو بارەیەوە بە بنەماڵەکانیان نەداوە.
