یەکێک بریندارانی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: حوسێن حوسێنپوور، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد و یەکێک لە بریندارانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای یەکساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی شەممە، ٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حوسێن حوسێنپوور، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد کە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا چاوی ڕاستی لەدەست داوە، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری شیراز سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

ناوبراو لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شاری شیراز، بەتۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و پاش سەپاندنی ئەو بڕیارەی دادگا بەسەر حوسێن حوسێپوور، سزاکەی بۆ ١١ مانگ بەندکردن کەم کراوەتەوە و هەروەها ناوبراو لە کۆتایی مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا بۆ بەندیخانەی ژمارە ٢ی شیراز گوازراوەتەوە.

جێی ئاماژەیە کە، ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی ڕەزبەری ئەمساڵ، حوسێن حوسێنپوور لە گرتنگەی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە پابەند و دەسبەندەوە بۆ نەخۆشخانەی “خەلیلی”ـی شیراز گوازراوەتەوە و دووبارە بەهەمانشێوە گەڕێنداروەتەوە بۆ گرتنگەی سرکوتکەرەکانی ڕێژیم و لەو ماوەیەی کە لە گرنگەکاندا دەسەبەسەر بووە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی و بەتایبەت دەرمانی چاوی بێبەری کراوە.

حوسێپوور ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی خەرمانانی ئەمساڵ لەسەر ڕێگای نووراوا مەمسەنی بۆ گەچساران لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دەسبەسەر کراوە و دوای ماوەیەک ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی شیراز کراوە.