هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانەی کرا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ بەناوی “عەبدولکەریم کاکۆڵ” بە مەبەسەتی جێبەجێکردنی سزای یەکساڵ بەندکردن، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، عەبدولکەریم کاکۆڵ، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “حەسەننووران”ـی سەربە شاری شنۆ دوای بانگکردنی بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای گشتی و ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران لە شنۆ، دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی سزای یەکساڵ بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە کرا.

عەبدولکەریم کاکۆڵ، پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شاری شنۆ بە سەرۆکایەتی قازی “مەهدی ڕەزایی”، بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

جێی ئاماژەیە کە، ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کرا و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.