پەیامی چوار ڕێکخراوی جەماوەری بۆ بایکۆتی شانۆگەریی هەڵبژرادنەکان

خەڵکی بەهەڵوێستی کوردستان!
هەروەک ئاگادارن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی ١١ی ڕەشەممەی ۱٤۰۲، شانۆگەریی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس بەڕێو ەدەبات. هەڵبژاردن لە وڵاتانی پێشکەوتوو پڕۆسەیەکە کە تێیدا خەڵک بەشداریی لە ئیدارەی وڵات دەکات و نوێنەرانی خۆی بە شێوەیەکی ئازاد هەڵدەبژێرێ، بەڵام مێژووی هەڵبژاردنەکان و بەتایبەتی هەڵبژاردنی مەجلیس لە کۆماری ئیسلامیدا لە واتا داماڵدراوە و بنەماکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتیکی تێدا بەدی ناکرێت.
کۆماری ئیسلامی هەر لەسەرتای هاتنە سەرکاریەوە سەلماندویەتی کە دەنگی خەڵک لای ئەوان واتای نییە و نەبوونی ئازادیی حیزب و قەوارە سیاسییەکان بۆ بەشداریی لەم پڕۆسەیە بەڵگەیەکی ڕوونە. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە یەکەمین دەوری هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی میللی ئاکامی هەڵبژاردن لە کوردستانیان ڕەت کردەوە و ئیزنیان نەدا کە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کورد لە حیزبە کوردییەکان بچنە مەجلیس. پێش ئەویش ڕێزنەگرتن لە دەنگی کورد و هەڵبژێرانی دوکتور قاسملوو وەک نوێنەری پارێزگای ورمێ بۆ مەجلیسی خیبرەگان، نمونەیەکی دیاری شێواندنی دێموکراسی و قەبووڵنەکردنی ڕای خەڵک بوو.
دیارە ئیدارەدانی وڵات بە مۆدێلی کۆماری ئیسلامی تەنیا زیانی بۆ کورد نەبووە، بەڵکوو نەتەوەکانی دیکەش بە بیری سێکۆلار و دێموکراتەوت بێبەش نەبوون لەم سڕینەوە و هەڵاواردنانە.
هەنووکە دوای پەسەندنەکردنی شیاویەتی گەلێک بەربژێر بۆ هەڵبژاردنەکانی مەجلیس و هەروەها ڕەتکردنەوەی شیاویەتی سەرکۆماری پێشووی خۆیان بۆ بەربژێریی لە مەجلیسی خیبرەگان، بە ڕوونی دیارە کە خامنەیی و سپای پاسداران چەندە بازنەی دەسەڵاتیان لە نێوان خۆیاندا بەرتەسک کردۆتەوە.
خامنەیی وەها ترسی لێ نیشتووە کە جارناجارێک بە لێدوانی هیستریک دەیەوێ گەرموگوڕی بە بەشداریکردن بدات، بەڵام خەڵک هوشیار بۆتەوە و دەیانەوێ ئەم هەڵبژاردنە بە نەچوونە سەر سندووقەکان بکەنە ڕێفراندۆمێکی پێچەوانە.

لاوان و خوێندکارانی بە هەڵوێستی کوردستان!
ئەمڕۆژانە بەفیڕۆدانی سەرمایەی وڵات لە ڕێگای ئۆرگانە ئایینییەکانی سەر بە بەیتی خامنەیی و بەفێڕۆدانی سامانی وڵات لەلایەن سپای پاسداران و تێچووە نجوومییەکانی سپا لە کاروباری نیزامی و مووشەکی لە ناوچەدا بەچاوی خۆتان دەبینن، هاوکات بۆ هەمووان ڕوونە کە کوردستان و ناوچەکانی دیکە بەشیان لە ئێران و ئێرانیبوون تەنیا دواکەوتوویی و ژینۆساید و هێرش و کوشتار بووە، نمونەی دیاریشی دیاردەی بێکاریی چینی خوێندەوار و کۆڵبەری و بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کوشتن و بڕینی دەنگی ئازادیخوازان لەسەر شەقام و لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بووە. هەر بۆیە بەو ئیرادەیەی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینا هێناتانە ئاراوە، ئەمجارەش بایکۆتی شانۆگەریی هەڵبژاردن بکەنە مەیدانێکی نوێ بۆ نیشاندانی هەڵوێست دژی ئەم ڕێژیمە.

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی !
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٥ ساڵ تەمەنی نەگریسی خۆی، کارنامەیەکی ڕەشی لە کوشتن و بڕین و زیندانیکردنی ڕۆڵەکانی کورد هەبووە، گرتن و کوشتن و ئەشکەنجەدانی لاوان و ژنان و مێرمنداڵان ناسنامەی نەگۆڕی کۆماری ئیسلامییە، بەشدارینەکردن و هەروەها هاندانی خەڵک بۆ بەشدارینەکردن لەم شانۆگەرییە لەلایەن ئێوەوە دەتوانێ گورزێکی کاریگەر لە پایەکانی ئەم ڕێژیمە بدات.

ژنانی ڕزگاریخوازی کورد!
ئێوەی ژنان کە لە یەکەمین قوربانییەکانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بوون، لە زۆربەی ڕاپەڕینەکاندا و بەتایبەتی لە ڕەوتی ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی” پێشەنگایەتی خۆتان نیشان دا و پەیامەکانی خۆتان بە گوێی دنیا گەیاند. هەنووکە کاتی ئەوەیە کە تۆڵەی هەموو ئەو یاسا کۆنەپەرەستانە و هەموو ئەو زەبر و زەنگە لە مەیدانی هەڵبژاردندا بکەنەوە و بە بایکۆتکردنی ئەم شانۆگەرییە “نا”یەکی بەهێز بە کۆماری ئیسلامی بڵێن.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
ئەگەر سەرەتاکانی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، ناسنامەی ئەو ڕێژیمە تەنیا بۆ نەتەوەی کورد ئاشکرا بوو، ئەوە ئێستا دەنگی ڕزگاریخوازیی لەسەرتاسەری ئێراندا دلێر و بەرزە و سەرجەم نەتەوەکان و تەنانەت ئەوانەش کە سەردەمێک بەشێک بوون لە قوماری کۆماری ئیسلامی ئێستا پشتیان لە خامنەیی کردووە.
دڵنیابن بایکۆتی ئەمجارەی هەڵبژاردن لە ئاستی نێوخۆیی و ناوچەیی و نێونەتەوەیی، دەنگدانەوەیەکی تایبەتی دەبێت و جیا لەوەی سەنگی خەڵکی ڕزگاریخواز لەدژی ڕێژیم نیشان دەدات، کۆماری ئیسلامیش هەنگاویک لە ڕووخان نزیک دەکاتەوە.

سەرکەوێ خەباتی نەتەوەییی کورد
بڕووخێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی خـوێندکارانـی دێموکراتی کـوردستان
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

٤ی ڕەشەممەی ۱٤۰۲