دەسبەسەرکردنی چالاکوانێکی مەدەنیی خەڵکی مەریوان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: چالاکوانێکی مەدەنیی خەڵکی مەریوان بەناوی “دانا لەنجاوایی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، دانا لەنجاوایی، یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەریوان، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و هەر لەو ناوەندە سەرکوتکەرەدا ڕاگیراوە.

ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە دادگای گشتی و ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیم لە شاری مەریوان، بەتۆمەتی چالاکی تەبلیغی بەدژی حکوومەت تۆمەتبار کرا و بڕیاری بەندکردنی ١مانگەی بەسەردا سەپێندرا و گوازرایەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو شارە.

جێی ئاماژەیە کە، دانا لەنجاوایی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لە مەریوان بەتۆمەتی چالاکی تەبلیغی بەدژی حکوومەت، سزای ١ساڵ بەندکردن و بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ٨ مانگ بەندکرن و لێدانی ٨٠ زەربەی قامچی بەسەردا سەپێندرابوو.