دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی وەرزشوانی خەڵکی سەقز لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سەقز، هەڵیانکوتاوەتە سەر دووکانی “تاهیر سوڵتانی”، وەرزشوانی خەڵکی شاری سەقز و بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، تاهیر سوڵتانی، وەرزشوانی بواری “موی‌تای”ـی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن ژمارەیەک لە هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تاهیر سوڵتانی، لە کێبەرکێی وەرزشی “موی‌تای” لەسەر ئاستی پارێزگای سنە و سەرانسەری ئێران چەندین میداڵی بەدەست هێناوە کە پاش دەسبەسەرکردنی لەلایەن ڕێژیمەوە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی لە بەردەستدا نییە.